ساڵڕۆژی شەهید بوونی ئیمام ڕەزا و ڕێوڕەسمەکانی لە ئێران
پنجشنبه، 15 مهر 1400
ساڵڕۆژی شەهید بوونی ئیمام ڕەزا و ڕێوڕەسمەکانی لە ئێران
خەڵکی ئێران لە ساڵڕۆژی شەهید بوونی ئیمام ڕەزا هەندێ ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبەن و ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.

بە پێی هەواڵی کورده واری، عەلی کوڕی مووسا کوڕی جەعفەر ناسراو بە ئیمام ڕەزا هەشتەمین ئیمامی شێعەکانە. بەناوبانگترین نازناوی ئەو ڕەزایە بەڵام بە عالیمی ئالی محەمەد و ئیمامی ڕەئووفیش دەناسرێت.

ئیمام ڕەزا لە ساڵی 183 مانگی ئیمامەتی گرتە ئەستۆ و 20 ساڵ ئیمام بوو. ئەم سەردەمە هاوکات بوو لە گەڵ خەلافەتی هاروون عەباسی، محەمەد ئەمین و مەئموون عەباسی.

ناوبراو پێش سەفەر بۆ خوراسان، لە مەدینە دەژیا. پاش هاتنی ئیمام ڕەزا مەئموون بۆ ئەوەی پێگە و ئاستی ئەو ئیمامە پایەبەرزە بخاتە گومانەوە، وتووێژی لە نێوان ئەو و گەورەکانی ئاییندا ساز دەکرد کە ئەم کارەش بووە هۆی بەرزتر بوونەوەی پێگەی ئەم ئیمامە.

ئیمام ڕەزا لە ساڵی 203 مانگی و لە تەمەنی 55 ساڵیدا بە دەستی مەئموون کوژرا و لە گۆڕستانی هاروونیە بە خاک سپێردرا. حەرەمی ڕەزەوی کە لە شاری مەشهەد دایە، ساڵانە چەندین ملیۆن زیارەتکار بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و بە شێوەیەک بۆتە هۆی گەشەی گەشتیاری ئایینی لەو شارە پیرۆزە.

پاش شەهید بوونی ئیمام کازم، زۆربەی شێعەکان بە پێی وەسیەتی خۆی، ئیمامەتی کوڕەکەی واتا ئیمام ڕەزایان وەکوو ئیمامی هەشتەم قبووڵ کرد بەڵام گرووپێکیش قبووڵیان نەکرد و لە سەر ئیمام بوونی مووسا کوڕی جەعفەر مانەوە و پێیان وابوو ئیمام کازم هەمان ئیمام مەهدییە و دەگەڕێتەوە.

جگە لە شێعەکان، گەورەکانی سونەش گەورەیی ئیمام ڕەزایان قبووڵ کردووە و بۆ زیارەتی حەرەمی دەچوون. لێکۆڵەرانی هاوچەرخی مێژوو چەند کەسیان ناساندووە کە لە زیارەتکارانی ئیمامی هەشتەم واتا ئیمام ڕەزا بوون و لە نێوان سونەکاندا پێگەی بەرز و دیاریان بووە.

ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهید بوونی ئیمام ڕەزا لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران جیاوازە بەڵام بە گشتی چەند ڕەسم هەیە کە لە هەموو شارەکان لەم ڕۆژەدا بەڕێوە دەچێت. لەوانە دەکرێ ئاماژە بۆ تازیەباری، خوتبەخوێنی تایبەت بە شەوی شەهید بوونی ئیمام ڕەزا، ساز کردنی خواردنی تایبەت و دابەش کردنی بە سەر خەڵکدا، بەشداری بەربڵاوی لاوان لە ئازیەتباری تایبەتی ئەم ڕۆژە و ڕێوڕەسمی تایبەتی ئازیەتباری ژنان بکەین.

نویسنده: خبات ساعدی
چاپ خبر
اخبار مرتبط