12 ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی بۆ ئێران
سه‌شنبه، 12 بهمن 1400
12 ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی بۆ ئێران
گەڕانەوەی ئیمام خومەینی بۆ ئێران پاش 14 ساڵ دیاسپۆرا لە 12ی ڕێبەندانی 1357 ڕووداوێکی گرینگی مێژووی ئێرانە کە وەکوو دەستپێکی دەیەی پیرۆزی فەجریش دێتە ئەژمار.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پاش شۆڕشی خەڵک و چوونە دەرەوەی شای ئێران، شاپور بەختیار وەکوو تەنیا هیوای ڕژیمی پالەوی لە ئێراندا مابوو. لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندانی خەڵک هەموو رۆژێ زیادی دەکرد و دروشمی سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی وەکوو گرینگترین داخوازی خەڵک باسی دەکرا. ئیمام خومەینی کە مەرجی گەڕانەوەی خۆی بۆ ئێرانی چوونە دەرەوەی شای پالەوی ڕاگەیاندبوو، بە هەڵاتنی ئەو لە 26ی بەفرانباری 1357 بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ئێران.

پاش هەڵاتنی شای ئێران ئیمام خومەینی ئەمەی یەکەم قۆناغی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی 50 ساڵەی ڕژیمی پالەوی زانی و ئەم سەرکەوتنەی لە خەڵکی ئێران پیرۆزبایی کرد و رایگەیاند دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.

لە حاڵێکدا کە لایەنگران و هاوڕێیانی ئیمام خومەینی خەریکی بەرنامە داڕشتن بۆ گەڕانەوەی بوون، بەرپرسانی ڕژیمی زایۆنی دەترسان بۆیە بەدوای ڕێگایەک بۆ ڕێگری کردن لە هاتنەوەی ئیمام بوون.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخرانی فڕۆکەخانەکان، خەڵک ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. لە ئاکامدا ئێوارەی 11ی ڕێبەندان ئیمام خومەینی لە فەڕەنسەوە گەڕایەوە و لە 12ی ڕێبەندان لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازییەکی لێ کرا کە لە مێژوودا بێ وێنە بووە.

ئەم رۆژە دەستپێکی مێژوویەکی دیکە بۆ ئێران بوو و بۆیە لە ڕۆژژمێرەکاندا وەکوو سەرەتای دەیەی پیرۆزی فەجر تۆمار کرا و تا ئێستا هەموو ساڵێک خەڵکی ئێران لەم ڕۆژەدا جەژن دەگرن و یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕادەگرن.

خەڵک بە گوڵڕێژ کردنی شەقامەکان پێشوازییان لە ئیمام خومەینی دەکرد و شایی و خۆشی هەموو وڵاتی داگرتبوو و هەمووان بانگی «اللّه اکبر»یان دەگوتەوە.

19ی ڕێبەندان گەورەترین ڕێپێوانی خەڵک لە هەموو وڵات بەڕێوە چوو و چەندین ملیۆن کەس پشتیوانی خۆیان لە ئیمام خومەینی ڕاگەیاند. جگە لە خەڵک ئەرتەشیش خۆی دایە پاڵی خەڵک و بوو بە پشتیوانی شۆڕش. بەم شێوە ڕژیمی بێ پشتیوانی پالەوی تێک شکا و شۆڕشی ئیسلامی لە 22ی ڕێبەندان سەرکەوت و وەکوو خەڵکیترین شۆڕشی جیهان تۆمار کرا.

نویسنده: خبات ساعدی
چاپ خبر
اخبار مرتبط