چاوخشانێک لەسەر کوردەکانی خوراسان
Jun 07, 2018
چاوخشانێک لەسەر کوردەکانی خوراسان
کوردەکانی خوراسان بەشێکن لە نەتەوەی کورد کە زۆربەیان لە باشووری خوراسانی گەورە دەژین و هەروەها ئەم ناوچە بە ناوی ماڵی کورد دەناسرێت.

کوردەکانی خوراسان بەشێکن لە نەتەوەی کورد کە زۆربەیان لە باشووری خوراسانی گەورە دەژین و هەروەها ئەم ناوچە بە ناوی ماڵی کورد دەناسرێت. خەڵکی ئەم ناوچە بە زمانی کوردیی کورمانجی قسە دەکەن و چاندی کوردی خوراسان و کوردستان لەیەک توخمن؛ جودایی ئەم دووانە لە چەند جیاوازییەکی پاژی زۆرتر نییە. دەستەی دانیشتووانی کوردی خوراسان، بەپێی زانستنامەی ئێرانیکا، دەگاتە 500 هەزار کەس؛ کە بەپێی هەندێک لە ڕێژەکان، دەستەی ناوبراو، ژمارەی یەک و نیو ملیۆن کەس تێپەڕ دەکات.

کوردی خوراسان لە خەڵکی کوردستانی گەورە، واتە کوردەکانی ڕۆژاوا، باشوور و باکووری کوردستان، قەفقاز، ماکو و مەهاباد پێکهاتووە و هەروەها کوردەکانی ئەفغانستان، هێندووستان و پاکیستان لە خوراسانەوە بەرەو ئەو وڵاتانە کۆچیان کردووە. ئەدەبیاتی گوتاری ئەم گەلە بەهۆی نەبوونی ڕێنووسی کورمانجیی خوراسان، تا سنووری لەنێوچوون بەرەوپێش ڕۆیشتووە.

دانیشتووانی کوردزمانی ئەم ناوچە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، شوێنەواری کوردانێکن کە بە حوکمی شاعەباس بۆ پاسەوانی لە سنوورەکانی ئێران بەرەو ئەم ناوچانە هەناردە کراون و بەپێی لێکۆڵینەوەگەلێکی دی، شاعەباس ئەوانی بەهۆی لەنێوبردنی نافەرمانیی بەگەکانی کورمانج و هەروەها بۆ بەکارهێنانی ئەوان لە ئاستی هێرشی بێ‌ئامانی ئوزبەک، مەغوول و تورکەکان بەرەو ئەم ناوچە هەناردە کردووە.

ناوچەی ناوبراو لە باکووری خوراسانی ئێران جێگیر بووە که زۆربەی دانیشتووانی لە گەلی کورد پێک‌دێت. ئەم گەلە مەکۆی 22 پەل یان تایەفەی گرینگی کوردییە. لە هەنووکەدا بەپێی دابەش‌کردنی سیاسیی ئێران، ناوچەی ناوبراو بەشێک لە پارێزگاکانی خوراسانی باکوور، خوراسانی ڕەزەوی و گوڵستان دێتە ئەژمار. زۆربەی ئەم گەلە دانیشتووی شارەکانی قووچان، شیروان، بجنوورد، دەرگز، ئەسفەراین، چناران، ئاشخانە و فارووجن و کەمایەتیی ئەم گەلە لە شارەکانی مەشهەد، نەیشاپوور و سەوزەوار نیشتەجێن.

جەژنی هاوسەرگیریی ئەم کوردانە لە ئێستادا لە سنووری شاییەکی ئاسایی تێپەڕی کردووە و لە ڕاستیدا شێوەی جەژنێکی گەورە و کۆبوونەوەیەکی فەرهەنگی بەخۆی گرتووە. بەشداربوونی کۆمەڵێکی زۆر لە شارەکانی دی،   هۆنەروەریی هونەرمەندەکان، ڕێزلێنان لە گەورەپیاوان و کەڵەژنانی مۆسیقا و فەرهەنگیی ناوچە، لە هەندێک لە شاییەکان بەشداربوونی ژنان بە جلوبەرگی ڕەسنی کوردی، شێعرخوێنیی شاعیرانی ناوچە و هەروەها بەکارهێنانی هێما ناوچەییەکان لە ڕازاندنەوەی شوێنی شاییەکە و بەکارهێنانی ڕستی شاباش (شادباش) و ڕێوڕەسمە کەلتوورییەکانی دی، جەژن و شایی هاوسەرگیری کردۆتە مەکۆی فەرهەنگ و هونەر و بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی فیلمی ئەم جۆرە شاییانە له ئاستێکی بەربڵاودا. هەندێک‌جار شاییێک، سنووری گوند و شار و تەنانەت پارێزگایش دەبەزێنێت. لە سەردەمانی پێشوو بە درێژایی سێ شەو و سێ ڕۆژ شایی هاوسەرگیری بەردەوام بووە کە بەپێی هەندێک لە ئاسەوارە مێژووییەکان ئەم کۆڕی شایی و بەزمە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ درێژەی دەخایاند. ئێستاکە بەهۆی گۆڕانکاریی شێوەی ژیان زۆربەی ئەم جەژنانە لە درێژایی شەو و ڕۆژێک کۆتایی پێدێت.

مۆسیقای کوردی خوراسان، مۆسیقایەک تایبەت و ڕەسەنە کە هەموو باکووری خوراسان، بە واتایەکی دی لە سەرەخس تا باکووری گومبەد کاڤووس (ڕۆژهەڵات تا ڕۆژاوا) و لە باجگیران و دەرگز تا نەیشاپوور و سەوزەوار (باکوور تا باشوور) دەگرێتە بەر و هەندێک‌جار بیسەر دەگەیەنێتە سەر لووتکەی عیرفان و دونیای مەعنەوی، جاری دیکەیش لە خەم و خەفەتی دووریی یار دڵی بیسەر دێنێتە ژان و چاوی بە فرمێسک تەڕ دەکات و هەندێک جاریش بیسەر دەهێنێتە سەما و هەڵپەڕکێ. ئەم بەربڵاوییە لە مێژووی پڕ لە بەرزی و نزمی و ژینگە و سروشتی "دەژ"ی ناوچە و جێ‌بەجێ‌بوون و کۆچ‌کردن و یەک‌‌کەوتن لەگەڵ گەل و هۆزە جۆراوجۆرەکان سەرچاوەی گرتووە.

مۆسیقای کوردی خوراسان دەبێتە چوار بەش: 1ـ ئایینی 2ـ ڕەزمی 3ـ شایی (بەزم) 4ـ مسیوەتی (عازیەتی). هەر یەک لەم چوارە دەیان لپ و پۆپی جۆراوجۆری لێ دەوەشێتەوە. سازگەلێکی سیمی کە لەم ناوچەدا بە زۆری بەکار دەهێنرێت، بریتین لە: 1ـ کەمانچە 2ـ دووتار 3ـ شەش تار 4ـ تەنبوور. دانیشتووانی ئەم ناوچە سازگەلێکی بایی بەکار دەهێنن کە بریتین لە: 1ـ کڕنای 2ـ سڕنا 3ـ شاخ نەفیر 4ـ نەی حەوت بەند 5ـ دووزەلە 6ـ نای نەوازان.

چاپکردن هەواڵ
Kurdewari Logo