جەژنی نەورۆز لە کوردەواری/ بۆنەیەکی چەند هەزار ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین
Mar 30, 2023
جەژنی نەورۆز لە کوردەواری/ بۆنەیەکی چەند هەزار ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین
نەورۆز، یان سەری ساڵ یەکێک لە بۆنە مێژوویییە گرنگەکانی کوردە و لە چەندین وڵاتی فارسی زمانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەڕێوەدەچێت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کۆردەواری، نەرۆز یەکێک لە کۆنترین جێژنەکانی ئێرانە کە لە سەردەمانی پێشوو بە یادگار ماوەتەوە و بە بڕوای خەڵکی ئێران جێژنی نوێ بوونەوە و بووژانەوەیە.

نەورۆز واتا یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ و وەرزی بەهار و یەکەمی خاکەلێوە، یەکێک لە کۆنترین جێژنەکانی ئێرانە کە لە سەردەمانی پێشوو بە یادگار ماوەتەوە. ئاخێزگەی ئەم جێژنە بۆ ئێرانی کەونارە دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش خەڵکی ئێران ئەم ڕۆژە جێژن دەگرن و ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبەن.

نەک هەر ئێران بەڵکوو وڵاتانێکی وەکوو ئەفغانستان، تاجیکستان، رووسیا، قرقیزستان، قەزاقستان، سووریا، عێراق، گورجستان، ئازەربایجان، ئالبانی، چین، تورکیا، هیند، پاکستان و ئوزبەکستان یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهار و ساڵی نوێ پشووە و جێژن دەگرن.

ئێرانییەکان نەورۆز بە سەرەتای بووژانەوەی سروشت، ڕوانی گوڵ و ڕوەک و باخ و بێستان دەزانن و بەلایانەوە گرینگە.

نەورۆز بە ناوی فەرمی "ڕۆژی نێونەتەوەیی نەورۆز" لە لایەن یونێسکۆوە وەکوو میراتی فەرهەنگی مرۆڤ تۆمار کراوە و هەروەها یەکێک لە ڕۆژە پیرۆزەکانی زەڕدەشتیان و بەهاییەکانە.

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئێران

خەڵکی ئێران چوارشمەی کۆتایی ساڵ بە چوارشەمە سوورێ دەناسن و ڕێورەسمی تایبەتی خۆیان هەیە و دواهەمین پێنشەمەی ساڵ خەڵکی ئێران دەڕۆنە سەر قەبری مردووەکانیان و بۆ ڕێزنان لە تازەمردووان، شیرینی و سفرە و سەمەنی دەبەن و بڵاوی دەکەنەوە.

خاوێن کردنەوەی ماڵ پێش ساڵی نوێ یەکێکیتر لە ڕێوڕەسمە مێژووییەکانی خەڵکی ئێرانە. لەم ڕیوڕەسمەدا خەڵک ماوەیەک پێش هاتنی جێژنی نەورۆز، هەموو ماڵ و کەلوپەلی ناوماڵ خاوێن دەکەنەوە و پێیان وایە لە گەڵ نوێ بوونەوەی ساڵدا خۆشیان دەبێ نوێ ببنەوە. جگە لە ماڵ و شوێنی ژیان، کڕینی جل و بەرگی نوێ بەشێکیتر لەو نوێ بوونەوەیە کە خەڵک گرینگی زۆری پێ ئەدەن.

جێژنی نەورۆز هەمیشە هاوڕێ لە گەڵ ئاگرکردنەوەدا بووە و خەڵک پێشتر لە سەر بان و گۆڕەپانەکاندا ئاگریان دەکردەوە و هەموو خزم و دراوسێیەکان لە دەوری یەک کۆ ئەبوونەوە و ئەم جێژنەیان بە خۆشی ڕادەبوارد و پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێیان لە یەکتر دەکرد.

لە سەری ساڵدا، خەڵک بۆ سەردانی یەکتر دەچن و منداڵەکان ماڵی گەورەکان بە سەر دەکەنەوە و گەورەکانی بنەماڵە دیاری بۆ منداڵان دەکڕن و وەکوو نەورۆزانە پێشکەشیان دەکەن. ئەو دیاریانە زۆرتر پارە، جلی نوێ، هێلکە، گوێز و شتیتر دەگرێتەوە.

سفرەی حەوت سین لە گرینگترین ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان دێتە ئەژمار و ئێرانییەکان بە دانانی ئەم سفرە و کۆ بوونەوە لە دەوریدا، دوعای دەستپێکی ساڵی نوێ دەخوێنن. سفرەی حەوت سین واتا حەوت شت لە سەر ئەم سفرەیە کە بە پیتی "س"یەوە دەست پێ دەکەن و هەر کامەیان هێمای شتێکە. سنجوو، سیر، سرکە، سێو، سەمەنوو، سکە و سماق ئەو شتە تایبەتانەن کە دەبێ شەوی نەورۆز لە سەر سفرەوە دابنرێت.

جگە لەوانە شیرینی، میوە، گوڵ، قورئان و ئاوێنە، ماسی سوور و هەندێ شتیتر لە سەر ئەم سفرەوە دادەنرێت و تەنانەت بۆ ئەو شەوەش خواردنی تایبەت ساز دەکرێت.

جەژنی نەورۆز لە کوردەواری/ بۆنەیەکی چەند هەزار ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین

نەورۆز لە کوردستان

خەڵکی کوردستان وەکوو دیکەی خەڵکی ئێران بۆ دەستپێکی ساڵی نوێ، ڕێوڕەسمی تایبەتیان هەیە. لەوانە ئاگرکردنەوە، سەردانی ماڵی خزم و کەس، بردنی دیاری و خەڵات بۆ بووک و سەردانی مەزاری مردووانە.

هەروەها ‌هێلکەی ڕەنگ کراو بە پێستی پیواز لەو خواردنانەن کە لەم شەوەدا منداڵانی پێ دڵخۆش دەکرێت و وەکوو خواردنێکی هێمایین لە سەر سفرەی کوردانەوە هەیە. جگە لەوەش هەندێ خوارنی تایبەت بۆ ئەو شەوە ساز دەکرا.

هەلاوە مەلاوە ناوی یەکێ لە ڕێوڕەسمەکانی دەمەو نەورۆزە، لە سەردەمانی پێشوودا سەوەتە یان زەنبیلێکیان درووس ئەکرد لە تووڵی داری بی کە پێیان دەگووت چەپەرێ، منداڵان چەپەرێ بە دەست دەچوونە بەر دەرکی هاوساماڵەکان و خەڵکی ئاوایی و بە وتنی: هەتەرێ مەتەرێ، شتێکمان بۆ بخەنە ناو چەپەرێ یان لە هەندێ ناوچە بە وتنی: هەلاوە مەلاوە شتێکمان بۆ بخەنە ناو تاوە، داوایان لە هاوسێ ماڵ دەکرد کە نەورۆزانەیان بداتێ، نەورۆزانە بریتی بوون لە پووڵە وردە، کەیک، نوقڵ، سنجوو، هێلکە و…

لاوانیش بە شەودا دەگەڕان و لە سەر سەربانەکانەوە هەر ئەو چەپەرێیان بە پشتێندێکەوە دەبەستەوە و لە ڕۆچنەوە شۆڕیان دەکردە خوارێ و هەر بە وتنی: هەلاوە مەلاوە… داوای جەژنانەیان دەکرد، بە گشتی لاوەکان بە پێچەوانەی منداڵان کە بە هەموو شتێ قانع بوون، ئەوان زۆرتر پووڵ و هێلکەیان خڕ دەکردەوە.

نەورۆز ھەروەھا کاردانەوەی لە وێژە، فەرھەنگ و سیاسەتی کورددا ھەبووە.دابونەریتی نەورۆز لەناو کورداندا بەپێی سەردەم تا ڕادەیەک گۆڕاوە، بەڵام بڕێک لەم ڕێوڕەسمانە لە سەرچاوەکاندا تۆمار کراون. بۆ نموونە ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا باسی سەیران و چوونە دەرەوەی کوردان دەکات لە ڕۆژی نەورۆزدا. عارف قەزوینی کە لە سنە بووە باسی ھەڵپەڕکێی کوردەکان لە سەری ساڵدا دەکات.

چاپکردن هەواڵ
Related News
Kurdewari Logo