بانکی جیهانی 12 ملیار دۆلاری دیکەی بۆ کڕینی ڤاکسین تەرخانکرد
چهارشنبه، 23 مهر 1399
بانکی جیهانی 12 ملیار دۆلاری دیکەی بۆ کڕینی ڤاکسین تەرخانکرد
بانکی جیهانی 12 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو تەرخاندەکات بۆئەوەی بتوانن دەستیان بگات بە ڤاکسینی کۆرۆنا. پارەکەش بەشێکە لە هاوکارییەکانی بانکی جیهانی کە دەگاتە 160 ملیار دۆلار و لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا پێشکەشی ئەو وڵاتانەی دەکات.
بۆردی جێبەجێکاری بانکی جیهانی رۆژی چوارشەممە ئاشکرایکرد، ئەو بانکە جیهانییە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەپێناو بەرزکردنەوەی توانای پشکنین، بەدەستهێنان و گواستنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا و گەیاندنی بە هاووڵاتییانی خۆیان، 12 ملیار دۆلاری ئامادەکردووە.
 
سەبارەت بە کارپێکردنی ئەو پارەیە و کارکردن بۆ گەیاندنی ڤاکسین بەو وڵاتانەش، بانکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووەوە دەست بە پرۆسەی گواستنەوە و گەیاندنی ڤاکسین دەکات.
 
هەروەها بانکەکە دەیەوێت لە ساڵی داهاتوودا زیاتر لە یەک ملیار ڤاکسین بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە جیهاندا بکڕێت و دابەشی بکات. ئەم هاوکارییەش بەشێکە لە پرۆگرامی وەڵامدانەوەی خێرای بانکی جیهانی سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا.
 
ئەو 160 ملیار دۆلارەی کە بەگشتی خەرجدەکرێت، جگە لە پەتای کۆرۆنا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەند نەخۆشییەکی دیکەی وەکو ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی، مەلاریا و نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە بەکاردەهێنرێت.
 
بەپێی پرۆگرامی بانکی جیهانی، کۆی ئەو پارەیەش لە ماوەی 15 مانگدا بۆ هاوکاریکردنی نزیکەی 100 وڵاتی جیهان خەرجدەکرێت.
نویسنده: خبات ساعدی
چاپ خبر
اخبار مرتبط